بەندیخانەی قزڵحیسار؛ ئەحمەدڕەزا حائێری بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە

١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٧:٢٢

هەنگاو؛ سێشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ئەحمەدڕەزا حائێری، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئیلام بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٩ی مەی ٢٠٢٤)، ئەحمەدڕەزا حائێری، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئیلام لە بەندی گشتی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بۆ ژووری تاکەکەسی ئەم بەندیخانەیە گواسترایەوە.

برای ئەحمەدڕەزا حائێری، دەقێکی لەسەر گواستنەوەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ناڕەزایەتیی بەرانبەر بارودۆخی نالەباری سامان یاسین و بە فەرمانی بەڕێوبەری بەندیخانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاو کردووەتەوە.

ئەحمەڕەزا حائێری خەرمانانی ٢٧٢٢، لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامی تاوان دژ بە ئاسایشی نەتەوە" سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی حکوومەت" سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بەپێی یاسای سزا ئیسلامییەکان، سزای زیاتر واتە ٣ ساڵ و ٨ مانگی جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤین و لە مانگی خەرمانانی هەر ئەو ساڵە لەگەڵ دوازدە کەسی دیکە لە بەندیخانەی سیاسی بۆ بەندیخانەی قزڵحیسار گواسترابوویەوە و لە بەندی تاوانەکانی مەترسیدار ڕاگیرابوون.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە مانگی خەرمانان ساڵی ٢٧٢٢دا لە دۆسیەیەکی نوێدا کە لە کاتی بەندبوونی ناوبراو و لەسەر سکاڵای ڕێکخراوی بەندیخانەکانی تاران لە دژی کرابوویەوە لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی تاران بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامی تاوان دژ بە ئاسایشی نەتەوە" سزای ٣ مانگ و ١ڕۆژ بەندکران بە سەریدا سەپا.

هەروەها ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ ٢٧٢٢ دەستبەسەر کرابوو و لە مانگی گەلاوێژی هەر ئەو ساڵەدا بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە