بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج؛ زیاتربوونی سزای بەندکرانی ئەحمەدڕەزا حائیری بەهۆی گوشاری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سزای بەندکرانی ئەحمەدڕەزا حائیری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئیلام کە ئێستا سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات، لەژێر گوشاری ڕاستەوخۆی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ شەش ساڵ و سێ مانگ زیاد کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەپێی سزای لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی تاران، ماوەی سزای بەندکرانی ئەحمەدڕەزا حائیری، بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ زیاتر کراوەتەوە. هەنگاو زانیویەتی کە قورسترین سزا واتا سزای ٤ ساڵ بەندکران بۆ ئەو هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت.
لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەحمەدڕەزا حائیری، سەپاندنی ئەو سزایە و یەک ساڵ شاردنەوە و ڕانەگەیاندنی بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی داوای دادگاییکردن و ڕێگری لە ئەگەری ئازادیی ئەو بەندکراوە سیاسییە زانیوە.
لە درێژەی ئەو دەقەدا هاتووە کە لە نامەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ دەزگای دادوەری کە بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییەوە زیاد کراوە، ڕاگەیەندراوەکانی ناوبراو لەسەر "ئەشکەنجە، لەسێدارەدرانی شانۆیی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی بەندکراوانی لەسێدارەدراو" لەسەر گەمارۆ مافی مرۆڤییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کردەوەیەکی کاریگەر ناو بردراون.
ئەحمەدڕەزا حائیری، لە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٩ی مەی ٢٠٢٤)، بۆ ماوەیەک لە بەندی گشتیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.
ناوبراو مانگی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە لایەن دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتا سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.
ئەحمەدڕەزا حائیری لە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرابوو و بۆ بەندیخانەی ئێڤین و مانگی خەرمانانی هەمان ساڵ لەگەڵ دوازدە کەسی دیکە لە بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابۆوە کە لە ژووری سزا مەترسیدارەکاندا ڕادەگیران.
ئەو بەندکراوە سیاسییە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بەهۆی دۆسیەیەک کە لە کاتی دەستبەسەرکرانی بە سکاڵای ڕێکخراوی بەندیخانەکانی تاران کرابووەوە لە لایەن دادگای تاوانەکانی دووی تاران بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" سزای ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو هەروەها پێشتر لە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرابوو.