بەندیخانەی زاهیدان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی وەحید چاوەڕان، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی
هەنگاو؛ سێشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
وەحید چاوەڕان، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام کە ماوەی سزای ١٢ ساڵ بەندکرانی لە تاراوگەدا و لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان تێپەڕ دەکات، سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشییەکی سەختی چاو، لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وەحید چاوەڕان، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان بەدەست نەخۆشییەکی چاوەوە دەناڵێنێت و بەهۆی دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، لەگەڵ مەترسیی جیدیی لەدەستدانی بینایی بەروڕوو بووەتەوە. پزیشکان پێشتر جەختیان لەسەر پێویستیی بەپەلەی وەرگرتنی چارەسەری پسپۆڕانە بۆ ناوبراو کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەم ئاراستەیەدا هەڵنەگیراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە جیا لە بێبەشکردنی لە دەرمان، وەحید چاوەڕان، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەش کراوە. دووریی ڕێگای نێوان ئیلام و زاهیدان لەگەڵ ڕێگرییەکانی بەرپرسانی بەندیخانە، بە کردەوە ئەگەری چاوپێکەوتنی لەم بەندکراوە و بنەماڵەکەی زەوت کردووە.
وەحید چاوەڕان، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٤ی مەیی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٢ ساڵ بەندکران لە تاراوگەدا، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان گوازرایەوە. ناوبراو لە مانگی بەفرانباری ٢٧٢٣ (جەنیوەریی ٢٠٢٤) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە تۆمەتگەلێکی وەک "بەشداری لە مۆحارەبە"، "تێکدانی نەزمی گشتی" و "سووکایەتیکردن بە ڕێبەر" سەرجەم سزای ١٢ ساڵ بەندکران لە دوورخستنەوەی بەسەردا سەپابوو.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لە کاتی چوونە دەرەوە لە سنوور لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرابووەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە دۆخی تەندروستیی وەحید چاوەران، بێبەشکردنی بەندکراو لە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بە نموونەی بەرچاوی ئەشکەنجە دەزانێت. هەنگاو داوای کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنە نایاساییەکان، ناردنی بەپەلەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە و ڕەخساندنی دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی دەکات.