جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئیلام و کەرەج، جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ٢٠ بەندکراوی کورد لە دوو حەوتوودا

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد و خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی مەجید سولەیمانی، مەجید حوسێنی و ئەحمەد حەقی، کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام و قزلحیسار جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (١٧ی سێپتەمبری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئیلام بە ناوی مەجید حوسێنی کە لە ٦ ساڵ پێشەوە بە «تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە» دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی قزلحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانان (١٤ی سێپتەمبر)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکەی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد حەقی و مەجید سولەیمانی ٢٧ ساڵە و هەر دووکیان خەڵکی ئیلام لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو بەندکراوە پێشتر لە دوو کەیسی جیادا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیاکانی حکوومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.
بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندیی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی سێپتەمبر (دوو حەوتوو) لانی کەم ٢٠ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.