شنۆ؛ تەقینەوەی مین کوژران و برینداربوونی سێ هاووڵاتیی لێکەوتەوە

١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٣:٢٠

هەنگاو؛ سێشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

بەهۆی تەقینەوەی مین لە بەرزایییە سنوورییەکانی چیای کێلەشین لە شاری شنۆ هاووڵاتییەک بەناوی ئیسماعیل عەزەوزەمە گیانی لەدەستداوە و دوو برای دیکەی بە ناوەکانی سەید هێمن مووسەوی و سەید هادی مووسەوی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢١ی مەی ٢٠٢٤)، بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە بەرزایییە سنوورییەکانی چیای کێلەشین لاوێک بەناوی ئیسماعیل عەزەوزەمە تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "میراوێ" سەر بە شاری شنۆ گیانی لەدەستداوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو، دوو برا بە ناوەکانی سەید هێمن مووسەوی تەمەن ٢٧ ساڵ و سەید هادی مووسەوی تەمەن ٢٦ ساڵ هەردوو خەڵکی "میراوێ" بەسەختی بریندار کراون و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە. ئەو هاووڵاتییانە بەمەبەستی کۆکردنەوەی گیای بەهاری و دەرمانی ڕۆیشتبوونە کێلەشین.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سوپای پاسداران، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت مینی نوێی لە سنوورەکانی کێلەشین چاندووە کە پێشتر هەنگاو لەو بارەوە هۆشداری داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە