دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار

٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٧:١١

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی سەلاح سوڵتانی و ئەمیر فەقێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٢ی مەی ٢٠٢٤)، سەلاح سوڵتانی، خەڵکی گوندی "سەروکانی" نزیک لە شاری پیرانشار و ئەمیر فەقێ تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "خورینج"ی ئەم شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماڵی خۆیاندا بە هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان و درووستکردنی کەشێکی ترسناک و بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون.

سەلاح سوڵتانی و ئەمیر فەقێ دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەست نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە