بەندیخانەی ئورمیە؛ گواستنەوەی لەناکاوی ناسر بەکرزادە، یەعقووب کەریم‌پوور و مێحراب عەبدوڵڵازادە سێ بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە بۆ شوێنێکی نادیار

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٩:٥٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

گواستنەوەی لەناکاو و جیاجیای سێ بەندکراوی سیاسیی کورد و تورک بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە، یەعقووب کەریم‌پوور و مێحراب عەبدوڵڵازادە کە سزای سێدارەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ شوێنێکی نادیار، نیگەرانییەکانی لەسەر ئەگەری جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدانیان زیاد کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد، دوای بانگکرانی بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هاوکات، یەعقووب کەریم‌پوور، هاووڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی میاندواو، بە بیانووی ناردنی بۆ پزیشکی دادوەری لە بەندیخانە براوەتە دەرەوە و مێحراب عەبدوڵڵازادە کە لە دوو ڕۆژ پێشەوە لە ژووری تاکەکەسیدا بووە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ کام لەم سێ بەندکراوە نەگەڕاونەتەوە بۆ بەندەکانی خۆیان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە گواستنەوەی ئەم سێ بەندکراوە بە ئۆتۆمبێلی نائاسایی و لەژێر بیانووی ناڕووندا، هۆشداری دەدات بەرامبەر بە مەترسیی جددی و دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ناسر بەکرزادە، یەعقووب کەریم‌پوور و میحراب عەبدوڵڵازادە لە پرۆسەگەلێکی تەواو نادیاردا، لەژێر ئەشکەنجە و بێ دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە سزای مەرگیان بەسەردا سەپاوە.

 

پێشینە و دۆخی یاساییی بەندکراوەکان:

١. ناسر بەکرزادە: بەندکراوی سیاسی کورد تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لە پرۆسەیەکی خێرادا و تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ جاری سێیەم پشتڕاست کرایەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕ پێی ڕاگەیەندرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە دەستبەسەرگەی «ئەلمەهدی» لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بەم دواییانەش لە بەندیخانە دراوەتە بەر لێدان.

٢. یەعقووب کەریم‌پوور: دەرچووی ڕشتەی یاسای گشتی و خەڵکی میاندواو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» لە ڕێگەی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و تەنانەت هاوژینەکەشی سەبوورا لوتفی، بە مەبەستی گوشار خستنە سەر ناوبراو دەستبەسەر کرابوو. سزای لەسێدارەدانی مانگی ڕابردوو لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵاوە پشتڕاست کرایەوە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کراوە.

٣. مێحراب عەبدوڵڵازادە: هاووەڵاتی کورد، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی ورمێ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بە تۆمەتی «بەغی» لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. داواکاریی دووبارە دادگاییکردنەوەی ناوبراو بەم دواییانە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵاوە ڕەت کرایەوە. ناوبراو پێش گواستنەوەی بۆ شوێنی نادیار، لە دوای دەمەقاڵێ لەگەڵ هێزەکانی بەندیخانە، بە فەرمانی سەرۆکی بەندیخانە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە