سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی بەندکراوی سیاسیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان بەنهێنی جێبەجێکرا

١٦ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١١:٠٧

هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەرکرابوو، بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤) ٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ (، سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، بەنهێنی و بێ ئاگاداربوونی بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان) بەندیخانەی دێزڵئاوا (جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان ئەمڕۆ بەیانی بنەماڵەی ڕەساییان ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان لەسیدارە داوە و هۆشدارییان پێیان داوە کە مافی ئەوەیان نییە تەرمی ڕۆڵەکەیان لە زێدەکەی خۆی واتە شاری سەحنە ئەسپەردە بکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣، دۆسیەی ڕەزا ڕەسایی لەلایەن محەممەدڕەسووڵ حەق‌نەجاتی، سەرۆکی لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی کرماشان و ئەو دادوەرەی کە سزای سێدارەی بەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییەدا سەپاندووە، بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزاکانی دادگوستەریی تەواوی پارێزگای کرماشان نێردرابوو.

سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، دوو حەفتە پێش ناردنی دۆسیەی ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرابووەوە.

ڕەزا ڕەسایی لە نیوەی سەرەتایی مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، سەرۆکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. سەپاندنی ئەو سزایە بە گوشاری سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرەڕای بەردەست نەبوونی بەڵگەی زانیاری و بەڵگەنامەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە، ڕووی داوە.

شایەنی باسە کە ئەو سزایە بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێی ڕەزا ڕەسایی و کەسانی دەستبەسەرکراوی دیکە کە لەگەڵ ناوبراو بوون، دوای چەند مانگ ئەشکەنجەدان و دۆسیەسازکردن دەرکراوە و بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی لە بواری یاسایییەوە تا ئێستا پێشکەش نەکراوە.

ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە