بەندیخانەی دیزڵئاوا؛ مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی جوو

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٥٧

هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی لاوی جوو (جوولەکە) بەناوی ئاروین قارەمانی (ناتانێل) لەئارادایە. ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی شەڕ و تێکەڵچوونێکدا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی ئاروین قارەمانی، تەمەن ٢٠ ساڵ کە بڕیار بوو ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕ جێبەجێ بکرێت، بۆ ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ دواخراوە.

ئاروین قارەمانی لە دوو ساڵ پێشەوە لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا کە بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی ئەمیر لەشکەری، هاووڵاتیی موسڵمان و خەڵکی کرماشان، دەستبەسەر کرا و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

لەم دوایییانەدا دایکی ئاروین قارەمانی بە بڵاوکردنەوەی فایلێکی دەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای یارمەتیی لە خەڵک کردووە تا منداڵەکەی دیسان بگەڕێتەوە ماڵەوە.

هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە جووە، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە سەرکەوتوو نەبووە و ئەو بنەماڵە بۆ ڕزگارکردنی گیانی منداڵەکەیان داوای نێوەندگیرییان لە هەموو خەڵک کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە