جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئاروین قارەمانی، هاووڵاتیی جوو لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان
هەنگاو؛ دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سزای سێدارەی ئاروین قارەمانی (ناتانل)، هاووڵاتیی بەندکراو لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان و ئەندامی کۆمەڵگای جووەکانی کوردستان، جێبەجێکرا. ناوبراو لە تامانی ١٨ ساڵی بەتۆمەتی کوشتن، دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ئاروین قارەمانی، بەندکراوی تەمەن ٢٠ ساڵە و خەڵکی شاری بۆکان، دانیشتووی شاری کرماشان و پەیڕەوی ئایینی جوو جێبەجێکرا. کەرەمی داواکاری گشتیی شاری کرماشان هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوەی ڕاگەیاندووە.
جیبەجێکرانی سزای سێداری ئاروین قارەمانی لە کاتێکدایە کە دەگوترێ جێبەجێکرانی سزای ناوبراو، لە ناو ناکۆکیەکانی حکومەتی ئێران و ئیسرائیل وەک تۆڵەکردنەوە لەلایان کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دژی لایەنی بەرامبەر بەکار بووە.
پیشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی: "حەبیبوڵڵا غەفوری پێش ڕوێژی کرماشان و نوێنەری خامنەی لە پارێزگای کرماشان، لەگەڵ ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بنەماڵەی کوژراەکەیان بۆ لێخۆش نەبوون بە هۆکاری جوو بوونی بوونی ئاروین قارەمانی، خستووەتە ژێر گوشار"
ئاروین قارەمانی ساڵی ٢٧٢١، لە تەمەنی ١٨ ساڵی لە نێوان دەمەقاڵەیەکدا کە بە مردنی ئەمیر شوکری، هاووڵاتییەکی موسوڵمان کۆتایی هات، دەستبەسەر و بەبێ هەبوونی بەڵگەی بەهێز لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.
جێگەی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە کوردە جووە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە ژووری تاکەکەسی بووە و بەهۆی جووبوونی ڕێگری لە گواستنەوەی بۆ بەندی گشتی کراوە.