بەندیخانەی ئورمیە؛ جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"
هەنگاو؛ شەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان، کە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢ی مەیی ٢٠٢٦)، ناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٦ ساڵ و یەعقووب کەریمپوور لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران. ئاژانسی هەواڵی حکوومەتیی "مێهر"، جێبەجێکردنی سزای ئەم دوو بەندکراوەی بە ڕەسمی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕ، لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا و بە پاساوی وەک "ناردن بۆ پزیشکی داد" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی جێبەجێکردنی سزاکان" لە بەندەکانی خۆیان هێنرابوونە دەرەوە و بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە. هەنگاو هەر ئەو ڕۆژە هۆشداریی لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای ئەم دوو بەندکراوە دابوو.
ناسنامە و ڕەوتی دادگاییکردنی قوربانییەکان:
١. ناسر بەکرزادە: بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی ئورمیە کە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. سزاکەی لە ڕەوتێکی خێرادا و تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ جاری سێیەم پشتڕاست کرابووەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕ بە ڕەسمی پێی ڕاگەیەندرابوو. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستبەسەرگەی "ئەلمەهدی" لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.
٢. یەعقووب کەریمپوور: دەرچووی بەشی یاسای گشتی، خەڵکی میاندواو، هاووڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان کە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "ئەفساد فی ئەلئەرز" لە ڕێگەی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو و مانگی ڕابردوو لە لقی ٩ی دیوانی باڵا سزاکەی پشتڕاست کرابووەوە. ناوەندە ئەمنییەکان بۆ گوشارخستنە سەر ناوبراو، هاوژینەکەشی بە ناوی "سەبوورا لوتفی" دەستبەسەر کردبوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جێبەجێکردنی ئەم سزایانە بە کوشتنی حکوومەتی و بە پێچەوانەی تەواوی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەزانێت. سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور لەکاتێکدا جێبەجێکراوە کە دۆسیەکانیان پڕ بووە لە ناڕوونیی یاسایی و دانپێدانانەکانیان لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیرابوو.
هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە دۆخی میحراب عەبدوڵڵازادە کە هاوکات لەگەڵ ئەم دوو بەندکراوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە، جەخت دەکاتەوە کە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی جیدی بەرامبەر بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە ئێران نیشان بدات. بەردەوامیی ئەم لەسێدارەدانانە لە کەشوهەوای گرژییە ناوچەییەکاندا، نیشاندەری بەکارهێنانی ئامرازییانەی کۆماری ئیسلامییە لە سزای مەرگ بۆ دروست کردنی کەشی ترس و تۆقینەر بەسەر هاووڵاتیاندا.