پیرانشار؛ کەمئەندام بوونی سەربازێک بەهۆی تەقینەوەی مین

٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٢:٤٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

سەربازێک لە هێزە چەکدارەکانی ئێران بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار بە سەختی بریندار و قاچێکی پەڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٢ی مەی ٢٠٢٤)، بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار سەربازێک مەچەکی لاقی پەڕیوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر ناسنامەی ئەو سەربازە بریندارە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و باری تەندروستیی ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نادیارە.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، ڕۆژی سێشەممە ١ی جۆزەردان، بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی چیای کێلەشین لاوێک بەناوی ئیسماعیل عەزوزەمە تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "میراوێ" سەر بە شاری شنۆ گیانی لەدەستدا.

هەروەها لەو ڕووداوەدا، دوو برا بەناوەکانی سەید هێمن مووسەوی و سەید هادی مووسەوی تەمەن ٢٦ ساڵ و هەردووکیان خەڵکی گوندی "مێراوێ"ی شنۆ بە سەختی بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە