تاران؛ سەپاندنی سزای ۵ ساڵ بەندکران بەسەر سوهەیل عەرەبی، هاووڵاتیی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشوو
هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
سوهەیل عەرەبی، وێبلاگنووس، چالاکی سیاسیی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی تاران، لەلایەن لقی ۲۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئیمان ئەفشاری» سزای ۵ ساڵ بەندکران و ۲ ساڵ بێبەشکردن لە چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ دەەرچووە و بە فەرمی پێیان ڕاگەیاندووە. دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناوبراو ڕۆژی شەممە ۱۹ی گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوە چووبوو.
بەپێی سزای دەرچوو، سوهەیل عەرەبی بە تۆمەتی «کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات» سزای ۵ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و هەروەها وەک سزای تەواوکەر، سزای ۲ ساڵ بێبەشکردن لە «دەستدانە، پیشە یان ئیشی دیاریکراوی پەیوەندیدار بە تاوانەکەوە (چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)»ی بەسەردا سەپێندراوە.
سوهەیل عەرەبی لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترایەوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە ژووری تاکەکەسیدا لەژێر ئهشکهنجهی سەختی لێکۆڵەراندا بووە، بە شێوەیەک کە بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە بۆ ماوەیەک بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە گواسترابووەوە و پاش چارەسەری سەرەتایی دووبارە بۆ ژووری تاکەکەسی گەڕێندراوەتەوە.
سوهەیل عەرەبی پێشتریش لە ساڵی ۲۷۱۴دا بەهۆی چالاکییە ڕاگەیاندنییەکانیەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەم حوکمە دواتر لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤیدا هەڵوەشێنرایەوە.