مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٦ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٤:٤٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتی کورد و خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ئەشکان ئیسماعیل نەژاد و زانا حەسەنزادە بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی پەیوەندیدار بە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٢ی مەی ٢٠٢٤) ئەشکان ئیسماعیل نەژاد خەڵکی گوندی (قاجر) سەر بە شاری بۆکان دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی هەمان ڕۆژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هێرش دەکەنە سەر ماڵی بنەماڵەی زانا حەسەنزادە لە شاری بۆکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەشکان ئیسماعیل نەژاد و زانا حەسەنزادە بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بووە.

بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی زانینی دۆخی تەندروستی و هەروەها ئەو شوێنەی ڕاگیراون تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە