ئەمیرحوسێن کووهکەن، پارێزەری خەڵکی کەرەج سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٦ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٣:٠٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ئەمیرحوسێن کووهکەن، لە پارێزەرانی دادگوستەری و ئەندامی ناوەندی پارێزەرانی "ناوەند" و یەکێک لە پارێزەرەکانی ماشەڵڵا کەرەمی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا ئەمیرحوسێن کووهکەن، لە پارێزەرانی دانیشتووی کەرەج لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی پێکهێنانی باند و گرووپ و پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت سەرجەم سزای شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەمیرحوسێن کووهکەن، ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کەرەج دەستبەسەر کرابوو و لەئاکامدا دوای نزیک چوار مانگ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی کەچوویی کەرەج ئازاد کرابوو.

شایەنی باسە کە ئەو پارێزەرە، بەهۆی لەئەستۆگرتنی دۆسیەی دادخوازیی ماشەڵڵا کەرەمی، بابی محەممەدمێهدی کەرەمی (کۆمار)، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و لەسێدارەدرابوو، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دۆسیەی ئەمنییەتیی بۆ ساز کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە