مەشهەد؛ خەسرەو عەلیکوردی پارێزەری دادگا سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤
خەسرەو عەلیکوردی، هاووڵاتیی کورد و پارێزەری دادگا و بەندکراو لە بەندیخانەی وەکێڵاوای مەشهەد، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری دادگا و بەندکراو لە بەندیخانەی وەکێڵاوای مەشهەد، لە لایەن لقی پێنجی دادگای شۆڕشی مەشهەد بە سەرۆکایەتی دادوەری یەزدانخا بە تۆمەتی «چالاکیی تەبلیغی دژی حکوومەت» سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە، بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نموونەی ئەو تۆمەتەیە لە دژی ئەم پارێزەرە.
هەنگاو زانیویەتی کە، خەسرەو عەلیکوردی، کە بەشێوەی ڕای کراوە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزا پێشووەکەی بوو، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤ لە بەرامبەری بەندیخانەی وەکێڵاوای مەشهەد دەستبەسەر کراوە.
ناوبراو لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (١٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٤)، دوای بانگکرانی لە لایەن ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکانی دادسەرای گشتیی و شۆڕشی مەشهەد، بەمەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی وەکێڵاوا گواسترایەوە.
خەسرەو عەلیکوردی، پێشتر لە سەرەتاکانی سەرماوەزی ٢٧٢٤، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەشهەد سزای یەک ساڵ بەندکران، دوو ساڵ دوورخرانەوە، دوو ساڵ قەدەغەی چوونەوە دەرەوە لە وڵات، دوو ساڵ بێبەشبوون لە کارکردن لە پیشەی پارێزەری و چالاکنەبوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە، خەسرەو عەلیکوردی ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤، دوای بانگکران و چوونی بۆ لقی ٩٠١ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی وەکێڵاوای ئەم شارە گواسترایەوە و ١٤ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لەم بەندیخانەیە ئازاد کرا.
شایانی باسە کە، خەسرەو عەلیکوردی، پێشتر لە بەشێک لە دۆسیەکەی خۆیدا، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان" لە لایەن لقی ٣ی دادگای تاوانەکانی دووی مەشهەد، بە پێبژاردنی ٢١ ملیۆن پارەی نەقدی سزا درابوو.
ئەم پارێزەرە تا ئێستا پارێزەری ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسی و هەروەها بنەماڵە دادخوازەکانی لە ئەستۆ بووە.