مەشهەد؛ جەواد عەلیکوردی سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢٦، ٢٠:٠١

هەنگاو؛ شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

جەواد عەلیکوردی، پارێزەر و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەبزەوار و برای خەسڕەو عەلیکوردی ، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ١٨ ساڵ بەندکردن، بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەی پارێزەری و دوورخرانەوەی بسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەپێی بڕیارێک کە ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٦) بە جەواد عەلیکوردی ڕاگەیەندراوە، ئەم پارێزەرەی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پێکهێنانی باند بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" بە پێنج ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "چالاکیی پرۆپاگەندەیی بە پێچەوانەی ئاسایشی نەتەوەیی، بابەت لە ماددەی ٤ی یاسای توندکردنی سزای سیخوڕی" بە ١٣ ساڵ بەندکردن، هەروەها بە بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەی پارێزەری، دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بەسەردا سەپاوە.

دانیشتنی دادگاییکردن و پێڕاگەیاندنی تۆمەتەکانی جەواد عەلیکوردی، خەڵکی سەبزەوار، لە ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵدا بەڕێوە چووبوو. 

جەواد عەلیکوردی ئێوارەی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢٧٢٥)، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی شینگێڕان لە ڕێوڕەسمی حەفتەی براکەیدا دەستبەسەر کرا. ئەو لەو ڤیدیۆیەدا وێڕای خستنە ژێر پرسیاری گێڕانەوەی فەرمیی حکوومەت سەبارەت بە مردنی گوماناویی براکەی، ڕایگەیاندبوو کە بەڵگەنامەی نهێنی لەم بوارەدا لەبەر دەستدایە.

خەسڕەو عەلیکوردی، پارێزەری ناسراوی بنەماڵە دادخوازەکان، لە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ بە شێوەیەکی گوماناوی لە ئۆفیسی کارەکەیدا گیانی لەدەست دا. لە کاتێکدا ناوەندە حکوومەتییەکان هۆکاری مردنەکەیان بە «ڕاوەستانی دڵ» ڕاگەیاند، بنەماڵەی عەلیکوردی بە ئاماژەدان بە هەندێک بەڵگەی وەک خوێنبەربوونی نائاسایی، ئەم گێڕانەوەیەیان ڕەت کردەوە و داوای ڕوونکردنەوەیان کرد؛ کارێک کە بووە هۆی کاردانەوەی توندی ئەمنی لەگەڵ ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە و دەستبەسەرکردنی جەواد عەلیکوردی.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە