مەهدی شەکیبافەر، لەپارێزەرانی خەڵکی ساوە سزا بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٠٤

هەنگاو، پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

مەهدی شەکیبافەر، پارێزەر و خەڵکی ساوە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی پارێزگای مەرکەزی، سەرەڕای بێتاوانی لە دادگای سەرەتایی، لە کۆتاییدا لە لایەن سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٢٢مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەهدی شەکیبافەر، پارێزەری وەزارەتی داد لە لایەن لقی ٩ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مەرکەزی بە تۆمەتی (بێڕێزی بە خامەنەیی) سزای ١٥مانگ و یەک ڕۆژ، بە تۆمەتی (پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران) سزای٧مانگ و ١٦ڕۆژ، کە بە کۆی گشتی ٢٢مانگ و ١٧ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای پشتڕاستکردنەوەی حوکمی مەهدی شەکیبافەر، فەرمانی دەستبەسەرکردنی لە لایەن لقی جێبەجێکردنی حوکمەوە دراوە.

سزادانی مەهدی شەکیبافەر لە کاتێکدایە کە ئەم پارێزەرە لە دادگای سەرەتایی لە تۆمەتەکان بێتاوان دەرچوو و لەسەر پێداگریی داواکاری گشتی دۆسیەکە کرایەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە