مەریوان؛ کوژرانی هاووڵاتییەک لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە

٧ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٠٨:٢٥

هەنگاو؛ دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکی لاوی خەڵکی مەریوان بەناوی ئاژوان کیانی، بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٦ی مەی ٢٠٢٤)، هێزەکانی سوپای پاسداران لە جاددەی گاڕانی مەریوان لە ئاکامی شوێنهەڵگرتن و تەقەی ڕاستەوخۆ لە ئۆتۆمبێلێک، شۆفێرەکەی بەناوی ئاژوان کیانییان کوشتووە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران بە گومانی هەڵگرتنی شتوومەکی قاچاغ ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا ئەو لاوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

تەرمی ئاژوان کیانی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی مەریوان گواستراوەتەوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە