مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی؛ سەجاد مورادی‌وەندان لە ئاودانان دەستبەسەر کرا

٩ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٠:١٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

سەجاد مورادی‌وەندان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئاودانان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، جارێکی دیکە و ئەوجار لە پەیوەندی لەگەڵ مردنی ئیبراهیم ڕەئیسیدا دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٩ی مەی ٢٠٢٤)، سەجاد مورادی‌وەندان، چالاکی خەڵکی ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام دوای بانگکران لەلایەن دادگای ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەجاد مورادی‌وەندان دوای دەستبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ بەندیخانەی ماهپارەی دەڕەشار گواستراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە: "دەستبەسەرکرانی سەجاد مورادی‌وەندان لە پەیوەندی لەگەڵ کاردانەوەی ئەو هاووڵاتییە بە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا بووە."

ئەو چالاکە مەدەنییە ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بە "هاندانی خەڵک بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" و "بێڕێزیکردن بە خامنەیی" تۆمەتبار کرابوو.

سەجاد مورادی‌وەندان ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، دوای بیست ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە ئاکامدا بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرابوو. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان لە نەزدیکیی مەسجد سولەیمان دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە