دەستبەسەركرانی دووبارەی عەزیم یادگاری لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە تاران

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٩:٠٢

هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٥

عەزیم یادگاری، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی دێلۆڕان لە لایەن هێزە حكوومەتییەكان لە تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە. ناوبراو پێشتر بە هۆی چالاكییەكانی لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و سزای ١٠ ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٤ی مەی ٢٠٢٥)، عەزیم یادگاری، هاووڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵكی دێلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماڵەكەی خۆی لە تاران دەستبەسەر كرا.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، عەزیم یادگاری دوای دەستبەسەركرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و زانیارییەك لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

دەستبەسەركرانی ئەم هاووڵاتییە كوردە دوای چەندین جار بانگكرانی ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی بووە و ئەگەری هەیە كە بۆ جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی دەستبەسەر كرابێ.

عەزیم یادگاری لەگەڵ شەش هاووڵاتیی دیكەی كوردی خەڵكی ئیلام بە ناوەكانی ناسر ڕەزایی، محەممەد حەسەن حاسڵی، سەعدوڵڵا ئایینی، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و دوكتور بەختیار محەممەدزادە هاوكات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و سەرجەم سزای ٥٢ ساڵ بەندكرانیان بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو لە ڕەوتی ئەم دۆسیە، لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای ١٠ ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەكی فەرمی لە بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.


 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە