ئیلام؛ دەستبەسەرکرانی کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و هاوژینەکەی، ئەکرەم سەبزی

٣ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٩:١١

هەنگاو؛ سێشەممە ۳ی پووشپەڕی ٢٧٢٥

کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری دێلوڕان و هاوژینەکەی، ئەکرەم سەبزی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. کیانووش چراغی دوای دەستبەسەرکردنی بۆ بەندیخانەی ئیلام گواستراوەتەوە و هاوژینەکەی دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون بە بڕیاری پێبژاردنی پارە ئازاد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (۲۴ی ژۆئەنی ٢٠٢٥)، کیانووش چراغی، هاووڵاتی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی شاری دێلوڕان و هاوژینەکەی، ئەکرەم سەبزی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەکرەم سەبزی پاش چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە، بە بڕیاری پێبژاردنی ۲ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار تمەن ئازاد کراوە کە بەپێی ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێندراوە، بڕی پارەی دیاریکراو بۆ ناوبراو ۱۱ ملیۆن تمەن بووە کە بەشێکی بە مەرجی "ڕێگری لە هەرچەشنە چالاکییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بۆ ناوبراو هەڵپەسێردراوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە کیانووش چراغی، دوای دەستبەسەرکرانی بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، بۆ بەندیخانەی ئیلام گواستراوەتەوە.

کیانووش چراغی، هاووڵاتیی تەمەن ۴۵ ساڵی کورد کە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای تێپەڕکردنی ۱۴ مانگ لە ماوەی سزاکەی، ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۳ی مەی ۲۰۲۵) بە ڕاگرتنی سزاکەی بەشێوەی هەڵپەسێردراو لە بەندیخانەی دەڕەشاری پارێزگای ئیلام ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو هاووڵاتییە پێشتر واتە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی ئینستاگرام لە بەرەبەرەی ئەوەڵین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینیدا، بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە