ئیلام؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی ئەمیرعەلی زاکری، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی

٣٠ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢٣:٠٣

هەنگاو؛ دووشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

ئەمیرعەلی زاکری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (١٩ی جولای ۲۰۲۵)، ئەمیرعەلی زاکری، تەمەن ۴۴ ساڵ و خەڵکی ئیلام لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە نووسینگەی شوێنی کارەکەی لە شەقامی پەیامی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە و بە "سیخۆری بۆ ئیسرائیل" تۆمەتبار کراوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەمیرعەلی زاکری، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماونەتەوە.

شایەنی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە ڕێکەوتی ۱۱ی خەزەڵوەری ۲۷۲۲ (۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۲) لەگەڵ براکەی، عیماد زاکری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە