ڕەشت، دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی بەهایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٩ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٢:٢٤

هەنگاو، چوارشەممە ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی شاری ڕەشت بە نێوەکانی نازیلا خانی‌پوور و ویسال هەروی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٨ مەی ٢٠٢٤)، نازلا خانی‌پور و کوڕەکەی، ویسال هەرەوی، لە پێڕەوانی ئایینی بەهایی دانیشتووی شاری ڕەشت، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ سەر ماڵ و شوێنی کارەکەیان، بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر هەندێک کەلوپەل وەکوو مۆبایلەکانیاندا گرتووە.

نازیلا خانی‌پوور پێشتریش پێشینەی دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەبووە و هەروەها ویسال هەرویش بە فەرمانی هێزە ئەمنییەکان لە زانکۆ دەرکرابوو.

هەتا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە، زانیارێکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنیان، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە