دوو هاووڵاتیی ژنی بەهایی سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سۆزان عەید محەممەدزادگان و نیووشا بەدیعی سابت، دوو هاووڵاتی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیووشا بەدیعی سابت، تەمەن ٣٩ ساڵ و وەرگێڕ و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی بەهایی بە ناوی سۆزان عەید محەممەدزادگان لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی بابۆل بە تۆمەتی "چالاکیی پەروەردەیی و پڕوپاگەندە پێچەوانەی شەرعی ئیسلام" هەر یەک سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها، ئەم دوو هاووڵاتییە بەهاییە بە سزای ١٨ مانگ قەدەغەکردن لە ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەکی پەروەردەیی مەحکووم کراون.
خەرمانانی ٢٧٢٣، خانەی دادی مازەندەران بە ڕاگەیاندنی داخستنی دوو قوتابخانە و چەندین ناوەندی پەروەردەیی و وەرزشی لە بابۆل و دەستبەسەرکرانی دوو ڕاهێنەری بەهایی، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە لەم ناوەندانەدا ئایینی بەهایی دەخوێندرا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم ناوەندانە باخچەی ساوایان بووە و ئیدەعایەکی لەم شێوەیە لە لایەن تۆمەتبارانەوە ڕەت کراوەتەوە.
سۆزان عەید محەممەدزادگان و نیووشا بەدیعی سابت، ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بابۆل دەستبەسەر کران.
ئەم دوو هاووڵاتییە بەهاییە لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی ئەو ساڵە بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگایی لە بەندیخانەی بابۆل ئازاد کران.