گورگان؛ دەستبەسەرکرانی شاهین موەدەت و سوودابە مەهدی نژاد دوو هاوژینی پەیڕەوی ئایینی بەهایی

٤ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٩:١٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ژن و مێردێکی بەهایی دانیشتووی شاری گورگان بە ناوەکانی شاهین موەدەت و سوودابە مەهدی نژاد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، شاهین موەدەت و سوودابە مەهدی نژاد ژن و مێردی بەهایی دانیشتووی گورگان، ناوەندی پارێزگای گوڵستان، لە ماڵەکەیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم ژن و مێردە بەهاییە ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی ئەلیکترۆنیی، کتێبی دینی و دەزگای کامێرای چاودێری ماڵەکەیان گرتووە. هەروەها کەرەستەی ئەلیکترۆنیی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیان پشکنیوە و لەو کاتەدا فیلمیان هەگرتووەتەوە.

شایانی باسە کە، سوودابە مەهدی نژاد پێشتر بە هۆی باوەڕە ئایینییەکانیەوە دەستبەسەر کراوە و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کراوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم ژن و مێردە بەهاییە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە