دەستبەسەرکرانی دووبارەی سەما عەمووشاهی لە ئیسفەهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١٠ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٢:٣٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

سەما عەمووشاهی، هاووڵاتیی دانیشتووی ئیسفەهان کە لە ساڵی ڕابردووشدا بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٥ی مەی ٢٠٢٤)، لە ئیسفەهان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەما عەمووشاهی و ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەما عەمووشاهی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی تیرۆئیدە و ئێستا لە مافی دەستپێڕاگەیەشتن بە دەواکانی بێبەش کراوە کە هەر بەو هۆیەوە تەندروستیی لە مەترسیدایە.

شایەنی باسە کە، سەما عەمووشاهی، ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر بۆ بەندیخانەی دەوڵەت ئابادی ئیسفەهان گواسترابووەوە. ناوبراو دواتر لە دۆسیەیەک لە لقی ١٣ی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئیسفەهاندا تۆمەتبار کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ئاکامدا ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە