مەهاباد؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی زارا نەبی‌زادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٧:٤٤

هەنگاو؛ هەینی ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

زارا  نەبی‌زادە، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٨ی مەی ٢٠٢٤)، زارا نەبی‌زادە، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری مەهاباد، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی زارا  نەبی‌زادە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوەی لە چارەنووس و دۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوەیەکی ڕوون بەو بنەماڵە خۆ دەبوێرن.

شایەنی باسە کە، زارا  نەبی‌زادە پێشتر لە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢دا، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و لە کاتێکدا کە دووگیان بوو لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە