شنۆ، دەستبەسەرکرانی لانی کەم ١٠ هاووڵاتی بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٨:١٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ١٠ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی یووسف حاجی خۆش، سەلاح قازی، حیسامەدین مەحموودی، محەممەد سوڵتانپوور، غەفوور شێخ ئەحمەدی، جەعفەر ڕەسووڵی، حەسەن ڕەسووڵی، مەولوود ڕووستا، هادی لاوە و ئاکۆ ئیبراهیمی بە هۆی بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییان لە شنۆ، بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢ی مەی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "گوندەوێڵە" و بە دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر، سەڵاح قازی لاوی تەمەن ٢٥ ساڵیان دەستبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤)، حیسامەدین مەحموودی لاوی تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی گوندی "کانی سۆرک"، هادی لاوە هونەرمەندی خەڵکی شنۆ و یووسف حاجی خۆش لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەرایەتی بەرەی یەکگرتووی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە شاری شنۆ دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، نزیک ٣٠ کەس لە هێزەکانی سوپا بە هێرشکردنە سەر گوندی "کۆنە قەڵا" و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری و هەروەها بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە یووسف حاجی خۆش دەستبەسەر کردووە.

هەروەها لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکرانە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، شەش هاووڵاتیی بە ناوەکانی حەسەن ڕەسووڵی و مەولوود ڕووستا خەڵکی گوندی "حەسەن نووران"، محەممەد سوڵتانپوور خەڵکی گوندی "دێ شەمس"، غەفوور شێخ ئەحمەدی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئالکاوێ" و جەعفەر ڕەسووڵی ٣٦ ساڵ خەڵکی گوندی "بێمزورتێ" و ئاکۆ ئیبراهیمی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێ" لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کرابوون.

هەنگاو زانیویەتی کە، دەستبەسەر کرانی ئەم کەسانە بە هۆی بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە بووە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم کەسانە لە بەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە