کرماشان؛ موجتەبا وەیسی لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان لەلایەن ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەرکرا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
موجتەبا وەیسی، هاووڵاتی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و لە بەڕێوبەرانی جەژنی نەورۆز لە شاری کرماشان بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپا لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو٫ ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٥ی مارسی ٢٠٢٥)، موجتەبا وەیسی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە کرماشان بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا ئەم هاووڵاتییەیان لە پارکی شیرینی ئەم شارە بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە و کچە کەم تەمەنەکەی کە لەگەڵی بووە هەر لەم شوێنە بەجێیانهێشتووە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا موجتەبا وەیسی لەگەڵ گروپێک لە چالاکانی فەرهەنگی لە شاری کرماشان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز بانگەوازیان بڵاوکردبووە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان دەیانهەوێت بە زەخت و گوشاریڕێگری لە بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمە بکەن.
تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەست نییە.