ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ کەماڵ تەهایی لە شنۆ دەستبەسەر کرا

٢٥ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٧:٣٨

هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی سەید کەماڵ تەهایی ، لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٤ی مارسی ٢٠٢٥)، سەید کەماڵ تەهایی ، هاووڵاتیی خەڵکی گەڕەکی "تاچیناوێ"ی سەر بە شاری شنۆ بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی سەید کەماڵ تەهایی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بووە کە ڕۆژی ڕابردوو بە دەستێوەردانی هێزەکانی سوپای پاسداران لە شنۆ بە نیوەیی مایەوە.

ڕۆژی هەینی هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان بە سازکردنی خاڵی پشکنین، بڵاوەپێکردنی ئامادەبووان و جێگیربوون لە دوو گوندی "کانی سوورک" و تەپپەی "قەڵاتووک" لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو دوو شوێنە ڕێگرییان کرد کە لە ئاکامدا ژمارەیەک لە خەڵکی گەڕەکی تاچیناوێ ئەو ڕێوڕەسمەیان بەڕێوە برد.

سەید کەماڵ تەهایی پاش دەستبەسەرکران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە