شنۆ؛ بە دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییەکی دیکە، ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان گەیشتە ١٤ کەس

١٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٤٩

هەنگاو: هەینی، ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لە درێژەی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئارمان ئیبراهیمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. بە دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەو شارە و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە ١٤ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢ی مەی ٢٠٢٤)، ئارمان ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێ"ی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: گرتنی ١٣ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو شارە دەستبەسەر کراون و هۆکاری دەستبەسەرکردنیان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە ژێر ناوی بەشداری لە ڕێوڕەسمی تایبەتی نەورۆزدا ڕاگەیاندووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە