سەردەشت؛ دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٠٩:٥٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت بە ناوەکانی زانکۆ  ئێرانزادە و عومەر  شەریفپوور لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤)، زانکۆ  ئێرانزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و عومەر  شەریفپوور تەمەن ٢٣ ساڵ، هەر دووکیان خەڵکی گوندی "قەڵا ڕەشی" سەر بە شاری سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەک نزیک لە بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتژمێر ٤ی بەیانی بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و بە بەکاربردنی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە دەستبەسەر کرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی تایبەت نەورۆز لە کوردستاندا بووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەر کرانیان، زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و بەدواچوونەوەی بنەماڵەشیان تا ئێستا بێ ئەنجام بووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک ورد لەسەر تۆمەتەکانی وەپاڵدراو، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە