کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٠:٠٤

هەنگاو: پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال سوهرابی کە خێزاندار و باوکی دوو کچە، لە کاتی کۆڵبەری کردن و لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢ی مەیی ٢٠٢٤)، کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال سوهرابی، تەمەن ٤٣ ساڵ، باوکی دوو کچ و خەڵکی گوندی "تاژان"ی سەر بە شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزاییی سنوورەکانی شاخی "سوورکێو"ی ئەو شارە کوژراوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو کۆڵبەرە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران سینگی پێکراوە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە. ناوبراو ساڵی ڕابردووش جارێکی دیکە بریندار کرابوو.

شایانی باسە کە ڕۆژی ڕابردووش کۆڵبەرێکی تەمەن ٤۵ ساڵی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی هێمن ئەحمەدی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە