دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتی دیکە لە شاری شنۆ و ژمارەی دەستبەسەرکراوان بۆ ١٣ کەس بەرزبوویەوە

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٥٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بە دەستبەسەرکرانی لانی کەم سێ هاووڵاتی دیکەی کورد لە شاری شنۆ بە ناوەکانی ڕەحیم ڕەفعەتی، ئومێد ڕەشیدپاک و فەخرەدین مودەڕیسی، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە ١٣ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢ی مەی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەم سێ هاووڵاتییە بە ناوەکانی ئومێد ڕەشیدپاک خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێ"، فەخرەدین مودەڕیسی خەڵکی گوندی "دێ شەمس" و ڕەحیم ڕەفعەتی خەڵکی شاری شنۆ، ئەو سێ کەسەیان دەستبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یەکێک لەو سێ کەسە، ئەم هاووڵاتییانە بەبێ نیشاندانی بەرگەی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەوە.

پێشتریش هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا دەستبەسەر کرانی ١٠ هاووڵاتی دیکە لە شاری شنۆ بە ناوەکانی یووسف حاجی خۆش، سەلاح قازی، حیسامەدین مەحموودی، محەممەد سوڵتانپوور، غەفور شێخ محەممەدی، جەعفەر ڕەسووڵی، حەسەن ڕەسووڵی، مەولوود ڕووستا، هادی لاوە و ئاکۆ ئیبراهیمی بڵاو کردبووە.

هەنگاو ئاگادار بۆتەوە کە، دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە بە هۆی بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە بووە. تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە بەردەستدا نییە. ئەگەری زیاتر بوونی ژمارەی دەستبەسەر کراوان هەیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە