بۆکان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەد موعینپوور
هەنگاو؛ شەممە ۱۴ی خەرمانانی ۲۷۲۶
محەممەد موعینپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان، لە بیست ڕۆژ پیشەوە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە و تا ئێستا لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی ئەم هێزانەدا بەسەر دەبات.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۶ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، محەممەد موعینپوور، هاووڵاتیی تەمەن ۳۷ ساڵ و خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندی دووی ئەمنییەتیی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە لە سەرەتادا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" دەستبەسەر کرابوو و بەم دواییانە تۆمەتی "کڕین و فروشتی چەک"یشی دراوەتە پاڵ.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بڕیاری بارمتەی پێنج ملیار تمەنی بۆ ئازادکردنی ئەم هاووڵاتییە دیاری کراوە، بەڵام بەبوونی دابینکردنی ئەو بارمتەیەش تا ئێستا لە ئازادکردنی ڕێگری کراوە.
شایانی باسە کە محەممەد موعینپوور کەوتووەتە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و لە بارودۆخێکی نەگونجاو و خراپدا بەسەر دەبات. ناوبراو هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۰ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی محەممەد موعینپوور، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.