نیگەرانیی هەنگاو لە ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٣٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

گیانی ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەترسیدایە و بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە، نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری لە سێدارەدرانی ناوبراو دەربڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەهۆی وەڵامنەدانەوەی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە داوای جێبەجێکرانی ماددەی ٤٧٧ کە چەند مانگە تۆمار کراوە، ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی ناڕازیی کورد زیاتر لە ڕابردوو لە ئارادایە.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە تەمەن ٣٤ ساڵە ڕایانگەیاندووە کە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕۆڵەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئارادایە. هەنگاو لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی جددیی خۆی سەبارەت بە ئەگەری لە سێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی، لە تەواوی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ داوا دەکات کە تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ ڕێگرتن بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بەکار بهێنن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣، دۆسیەی ڕەزا ڕەسایی لەلایەن محەممەدڕەسووڵ حەق‌نەجاتی، سەرۆکی لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی کرماشان و ئەو دادوەرەی کە سزای سێدارەی بەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییەدا سەپاندووە، بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزاکانی دادگوستەریی تەواوی پارێزگای کرماشان نێردرابوو.

سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، دوو حەفتە پێش ناردنی دۆسیەی ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرابووەوە.

ڕەزا ڕەسایی لە نیوەی سەرەتایی مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، سەرۆکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. سەپاندنی ئەو سزایە بە گوشاری سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرەڕای بەردەست نەبوونی بەڵگەی زانیاری و بەڵگەنامەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە، ڕووی داوە.

شایەنی باسە کە ئەو سزایە بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێی ڕەزا ڕەسایی و کەسانی دەستبەسەرکراوی دیکە کە لەگەڵ ناوبراو بوون، دوای چەند مانگ ئەشکەنجەدان و دۆسیەسازکردن دەرکراوە و بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی لە بواری یاسایییەوە تا ئێستا پێشکەش نەکراوە.

ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە