سەحنە؛ خۆکوشتنی فەرهاد بەیگی گەڕووسی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

٢١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٠٩:١٣

هەنگاو؛ دووشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

فەرهاد بەیگی گەڕووسی هاووڵاتیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها بانگکرانی بە مەبەستی دەستبەسەرکران و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ئێڤین، هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٨ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، فەرهاد بەیگی گەڕووسی، هاووڵاتیی کورد ی تەمەن ٢١ ساڵ و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر لە یەک ساڵ دەستبەسەر کرابوو، لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی لە شاری سەحنە خۆی لەدار داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی نزیک لە چوار مانگی ڕابردوو فەرهاد بەیگی گەڕووسی لەژێر گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و لەم دواییانەدا بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە خۆی بە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان بناسێنێت و و پاشان بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران دەگوازرێتەوە.

جێ ئاماژەیە کە فەرهاد بەیگی گەڕووسی پاییزی ساڵی ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوو و زستانی ڕابردوو دوای زیاتر لە یەک ساڵ بەندکران بە دانانی بارمتە و تا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەی بەشێوەی ئازاد کرابوو. ناوبراو بە "هاوکاری لە کوشتن"ی نادر بایرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای سەحنە تۆمەتبار کرابوو.

هەروەها ڕەزا ڕەسایی هەر بەم تۆمەتە سزای سێدارە بە سەریدا سەپاوە و لە ئێستادا لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە