بەردەوامی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ستار کیانی لە مەریوان
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی مەریوان بە ناوی ستار کیانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە دوای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ستار کیانی، لاوی خەڵکی گوندی تازاوای سۆفی بلە سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانەکەی لەبەردەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کیانی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، بنەماڵەی کیانی لەم ماوەدا، بە مەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی ڕۆڵەکەیان چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکان لە مەریوان و سنەیان کردووە، بەڵام ئەم ناوەندانە هیچ وەڵامێکی ڕوونیان بە بنەماڵەکەیان نەداوە و ئەم بابەتە بووەتە هۆی نیگەرانی زیاتر لای بنەماڵەکەی.
ستار کیانی ڕۆژی شەممەی هەفتەی ڕابردوو ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیران و هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکرانی لەبەردەست نیە.