سەردەشت: دەستبەسەرکردنی ئارمان تەوبەکار بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی

١٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٣١

هەنگاو: دووشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

ئارمان تەوبەکار، دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەتی سەر بە شاری سەردەشت، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای سەپێندراوی یەک ساڵ بەندکردن، دەستبەسەر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٥ی مەی ٢٠٢٤)، ئارمان تەوبەکار، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی ڕەبەت، دوای ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە، دەستبەسەر کراوە و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای یەک سال بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد گواستراوەتەوە.

ئارمان تەوبەکار لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٢ و لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای چەند ڕۆژێک دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. د ناوبراو دواجار لە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ و لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی سەردەشت بە تۆمەتی "تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی"، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو سزایە دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی ئارمان تەوبەکار بۆ ساڵێک بەندکردن کەم کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە