مەهاباد؛ وەهاب خەدیریپوور لەساڵڕۆژی کوژرانی براکەی بە دەستی هێزەکانی سوپا، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد و لە بنەماڵەی ددخوازەکانی ئەو شارە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە. ناوەندە ئەمنییەکان پیداگرییان لەسەر گواستنەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانە هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوژرانی براکەی کردبوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٩ی مەی ٢٠٢٥)، وەهاب خەدیریپوور تمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی مەهاباد بە مەبەست جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.
سوهراب خەدیریپوور برای وەهاب خەدیریپوور، لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢١ لەلایه هیزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. دەستبەسەرکرانی وەهاب لە ساڵوەگەری کوژرانی ناوبراو جۆرێک گوشاری دەروونییە بۆ سەر ئەو بنەماڵەیە. شیاوی ئاماژەپێکردنە کە سەرەڕای تێپەڕینی چوار ساڵ لە کوژرانی سوهراب خدیریپوور، هەتا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و وەک حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ هەژمار دەکرێت.
وەهاب خەدیریپوور پیشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی وەهاب خەدیریپور بۆ بەندیخانە لەحاڵێکدایە کە باوکی ناوبراو سێ مانگ پێش لەئاکامی ڕووداوێکی هاتووچۆدا توانای جووڵەی لە دەست داوە.
وەهاب خەدیری پوور ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٩ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، دوای سێ هەفتە دەستبەسەركران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد كرا.
وەهاب خەدیری پوور، خێزاندار و باوكی دوو منداڵە، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٥) دوای بانگكرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرابوو.
شایانی باسە كە، سوهراب خەدیری پوور برای وەهاب خەدیری پوور كە ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو، بەهاری ٢٧٢١ لە لایەن هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا. ناوبراو هەروەها ئامۆزای شەماڵ خەدیری پوور لە گیانبەختكردوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە مەهابادە.