بەندیخانەی بۆکان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی ئامانج کەدخودایی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی
هەنگاو؛ سێشەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤
ئامانج کەدخودایی هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» لەم شارە، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوو بە مەبەستی تێپەرکردنی سزای سێ ساڵ بەندکران دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان ڕاگیراوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئامانج کەدخودایی هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری بۆکان مانگی بانەمەڕی ئەم ساڵ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێ ساڵ بەندکران دەستبەسەر و ماوەی هەشت مانگە لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە دەستبەسەرە.
ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای شۆرشی بۆکانەوە بە دادوەری «پەناهی» سزای سێ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٤٥ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزایە لەلایەن دادگای پێداچووەنەوە پەسەند کرا.
شایانی باسە، ئامانج کەدخودایی لە کاتی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران دەستبەسەر کرا و سەرەتا بردراوەتە کەڵانتەری و دوای ئەشکەنجە و لێدان گوازراوەتەوە بۆ ئیدارەی ئەماکنی ئەو شارە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ماوەی دوو هەفتە بە شێوەی بەردەوام لە ئەماکنی شاری بۆکان لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە و بە شێوەیەک لووت، دەست، ئێسک و سەر سینگی و قامکەکانی شکاون، دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان گوازراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی دانیشتنی دادگا لە بەندیخانە ئازاد بوو.