ئیلام؛ داخرانی دۆسیەی ٢١ هاووڵاتیی کورد کە بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆز درابوونە دادگا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
٢١ هاووڵاتیی کورد کە لە دوای بەشداریی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ناوچەی کارزان سەر بە شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام درابوونە دادگا، دۆسیەکەیان داخرا و کۆتایی پێ هات.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٥ی مەی ٢٠٢٤) بەهزاد عەرەبی، مەحموود عەلی محەمەد نەژاد، نەجم خەنجەر سیم، توفیق نیازی، ڕەحمەتوڵڵا سادقی، مێهرداد سادقی، عارف سۆهرابی، ڕوحوڵڵا مورادی، جەعفەر شەهبازی، حوجەتووڵڵا عەزیزی، جەماڵ عەلی بەیگی، فەهد کەرەمی نەژاد، مەحموود سادقی، موستەفا قەیسەری، عەبدولحەمید ئەڵڵادادی، فەرشاد محەمەدی، بەهزاد پوشکان، ئەمان حاتەمی، عەلی نەجات دارابیان، عەبدنەبی عەسکەری و هومایون ڕەزایی، لەلایەن دادگاوە بێ تاوان ناسران.
بەپێی وتەی چەندین سەرچاوەی ئاگادار، دۆسیەی ئەم ٢١ هاووڵاتییە لە دوای بەشداری لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە نەورۆزی کوردستان لە ناوچەی کارزان سەر بە شاری سیروان لە ئیلام بە تۆمەتی (هاندانی خەڵک بۆ بێ ئەخلاقی و خولقاندنی دەرفەت بۆ خراپەکاری) کرابوویەوە و لەلایەن لقی ٢ی دادگای گشتی ئەم شارەوە بێ تاوان ناسێندران.
ڕێوڕەسمی نەورۆزی ناوچەی کارزان لە پارێزگای ئیلام لە ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ بە بەشداری زیاتر لە ٦٠ هەزار نەفەر بەرێوەچوو، موحسین ئەحمەدی مامۆستای وەزارەتی پەروەردە لەم پەیوەندییە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.