دۆسیە سازی نوێ دژی سەجاد حائێری؛ ئازادی کاتی بە بارمەتەی یەک ملیاری دوای پێڕاگەیاندنی تۆمەتی دووەم

هەنگاو، دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
سەجاد حائیری، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی و برای ئەحمەد ڕەزا حائری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئیلام، دووبارە لەلایەن ناوەندەکانی دادوەرییەوە بانگهێشت کرا و ڕووبەڕووی دۆسیە سازی دادوەری نوێ بووەتەوە. ناوبراوە لە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ بە دانانی بارمتەی پانسەد ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە دەستبەسرگەی یەک. ئەلف (یک.الف) سەر بە سوپای پاسداران ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، سەجاد حائێری، نووسەر، دەرهێنەر و مامۆستای زوانی کوردی، بۆ جاری دووەم لە لایەن ناوەندەکانی دادوەری بانگ کرا و بە تۆمەتی نوێ بە ناونیشانی ''هاندانی ڕای گشتی لە ڕێگەی بڵاوکراوەی درۆ و دەلەسە'' ڕووبەڕووبووەتەوە.
سەجاد حائێری لە ڕەوتی دەستبەسرکرانی یەکەمدا، بە تۆمەتی «چالاکی دژ بە حکومەت» لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٢ی جوڵای ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی سەربە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ماڵی خۆیدا لە شاری دەماوەند دەستبەسەرکرابوو.
لە ڕەوتی دەستبەسەرکراندا، هێزەکانی ئەمنییەتی بە هێرشی تووندووتیژی بۆ ماڵی شەخسی ئەم هاووڵاتییە، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ناوبراودا، دەستیان بەسەر موبایل، لەپ تاپ و زیاتر لە سەد بەرگ کتێبی کوردی پەیوەست بە زوانی کوردی گرتبوو.
ئەحمەد ڕەزا حائێری، بەندکراوی سیاسیی کورد و برای سەجاد حائێری ماوەی تێپەڕینی سزاکەی لە بەندی گشتی بەندیخانەی قزلحەساری کەرج تێدەپەڕێنێت. ئەو لە ٢٠ی گوڵانی ٢٧٢٣ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.