بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ١٤ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ

٢١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:١٠

هەنگاو؛ هەینی ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ١٤ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە بەهۆی ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەتی نەورۆز دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەو بوارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ١٤ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی یووسف حاجی‌خۆش، سەلاح قازی، حیسامەدین مەحموودی، محەمەد سوڵتان‌پوور، غەفوور شێخ‌محەمەدی، جەعفەر ڕەسووڵی، حەسەن ڕەسووڵی، مەولوود ڕووستا، هادی لاوە، ئاکۆ ئیبراهیمی، ڕەحیم ڕەفعەتی، ئومێد ڕەشیدپاک، فەخرەددین مودەڕیسی و ئارمان ئیبراهیمی کە کۆتایییەکانی حەفتەی ڕابردوو لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کراون، لەبەر دەستدا نییە و شوێنی ڕاگرتنیان نادیارە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بنەماڵەی ئەو ١٤ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە، ڕۆیشتنوونەتە ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە و شنۆ و ئەو ناوەندە ئەمنییە وەڵامێکی ڕوونیان پێیان نەداوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە پێشووەکانی هەنگاو، ئەو چواردە هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ڕۆژانی سێشەممە تا پێنجشەممە (١١ تا ١٣ی بانەمەڕ)ی هەتاوی و (٣٠ی ئەپریل تا ٢ی مەی) زایینی بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و بەهۆی ئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆزی کوردستان دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە