کرماشان؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سوهەیب ئیقباڵی هاووڵاتیی خەڵکی پاوە

٢١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٣٧

هەنگاو؛ هەینی ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی پاوە بە ناوی سوهەیب ئیقباڵی ماوەی چوار پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤) سوهەیب ئیقباڵی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی پاوە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کرماشان دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئیقباڵی، سوهەیب ئیقباڵی کە شۆفێرە، کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە لە سێرێیانی قازانچی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرش کراوەتە سەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەست نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ ئاکامێکی نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە