دەستبەسەرکردنەوەی حەمید فەرهادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لە تاران
هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
حەمید فەرهادی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کرماشان و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، جارێکی دیکە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر دوای تێپەڕاندنی سزای چوار مانگ بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، حەمید فەرهادی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ خستنەڕووی حوکمی دادوەری، سەرەڕای دەستبەسەرکردنی حەمید فەرهادی، پاش پشکنینی چڕی ماڵەکەی، هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیان زەوت کردووە.
حەمید فەرهادی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ دوای بەسەربردنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ئەوین ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ١٤ مانگ بەندکرانی تەعزیری و پێبژاردنی ٣٠ ملیۆن تمەن بەسەردا سەپێنرابوو، کە سەرەڕای هەڵپەسێردرانی سزای بەندکرانەکەی، بەهۆی نەدانی پارە، ناچار بوو چوار مانگ لە بەندیخانە بەسەر بەرێت.
حەمید فەرهادی پێشتر ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٨ی جووڵای ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە سەپێنراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.