سنە؛ بانگکران و دەستبەسەرکردنی کاتیی ڕەزا شەریفە و ئارمین شەریفە

٢٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٥:٤٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ڕەزا شەریفە، چالاکی پیشەیی مامۆستایان و خەڵکی شاری سنە لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی ئارمین شەریفە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگکران و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دەستبەسەر کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتژمێر ٩ تا ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، ڕەزا شەریفە، مامۆستا و ئارمین شەریفە لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی سنە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم باوک و کوڕە دوای سێ کاتژمێر لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کراون.

هەنگاو لەم بارەوە زانیویەتی کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ڕەزا شەریفە، مامۆستا و کوڕەکەی ئارمین شەریفە، چالاکی کرێکاری و لە ڕەوتی ئەو هێرشە دەستیان بەسەر کەرەستەی کەسیی لەوانە مۆبایلی ناوبراوان گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئارمین شەریفە، بە هۆی نەخۆشی پێویستی بە پێڕاگەیشتنی بەردەوامی دەرمانی و چاودێری پزیشکی هەیە.

ئارمین شەریفە پێشتر پێشینەی بانگکران و دەستبەسەرکرانی هەبووە و ئاخرین حاڵەتی، بەڕێوەچوونی دادگایی بۆ ناوبراو لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە وردەکادی و هۆکاری بانگکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراوتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە