گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٢:٢٤

هەنگاو؛ هەینی ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" چواردە چالاکی ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، لقی سنە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خانەی دادی گشتی و شۆڕشی سنە و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە، فاتمە زەندکەریمی، نەسرین کەریمی، سەلاح حاجی‌میرزایی، فەیسەل نووری، مەجید کەریمی، ڕەزا تەهماسبی، شەهریار نادری، بێهزاد قەوامی، محەممەدڕەزا مورادی، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، ڕزگار حەیدەری، غەیاس نێعمەتی و کورۆش عێزەتی ئەمینی، چاردە چالاکی پیشەیی مامۆستایانی ئەو شارەیان بانگ کردووە.

ئەو چالاکانە بە تۆمەتی وەکوو "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی ئێران" بانگ کراون.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی بۆ ئەو چالاکانە نێردراوە و کۆپییەکی بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، ئەو کەسانە دەبێت کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان واتا یەک ڕۆژ پێش دووەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی لە لە شوێنە دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکان ئامادە بن.

شایەنی باسە کە، لە مانگە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" ژمارەیەکی بەرچاو لەو مامۆستایانە لە کوردستان بەهۆی پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، بانگ و دەستبەسەر کرابوون و سزایان بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە