سنە؛ زیاتربوونی گوشارەکان و بانگکردنی چالاکانی ژن لە بەرەبەرەی ساڵیادی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی»

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢٢:٣٨

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۵

لە درێژەی گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن، هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چوار چالاکی مافی ژنان لە شاری سنە بەناوەکانی سیمین چایچی، فاتمە زەندکەریمی، مەرزیە مورادوەیسی و سووسەن ڕازانی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپاوە بانگ کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۶ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سیمین چایچی، شاعیر و نووسەر، فاتمە زەندکەریمی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان، مەرزیە مورادوەیسی و سووسەن ڕازانی، لە چالاکانی مەدەنیی سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کران.

ئەو چوار هاووڵاتییە دوای بانگکران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپاوە، لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هاوکات لەگەڵ بانگکردنی ئەو چالاکانە، ژمارەیەک لە مامۆستایان و ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەی دادخوازان بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوەتەوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنی و بەشێوەی هاوکات و ئامانجدار، پەیوەندیی بە ژمارەیەک لە چالاکانی ژن لەو شارە گرتووە و چەند کەسیانی بانگ کردووە.

ئەو کردەوانە لەحاڵێکدا ئەنجام دراون کە هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هێزە ئەمنییەکان بە ئامادەبوونی بەرفراوان و گوشار لەسەر شارەکانی کوردستان، کەشی سەرکوتیان لەسەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی زیاتر کردووە و هەوڵیان داوە لە هەر چەشنە کۆبوونەوە و چالاکییەکی مەدەنی ڕێگری بکەن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە